کد خبر: 11541
تاریخ انتشار: 28 فروردین 1400 - 11:31
بەیان عەزیزی
ڕۆرتی بیرمان دەخاتەوە کە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هیوای کۆمەڵایەتی لە هەر شوێنێکدا دەبی بڕوانینە ئەوەی کە هەر کۆمەڵگەیەک چ چیرۆک یان سێناریۆیەکی بۆ داهاتووی خۆی نووسیوە.

 فه‌راتاب: مێژووی ئێمە پڕه لە دەیان ترۆمای گشتی و نەتەوەیی کە مان و نەمانمان گرێدروای بابەتێکی دەرەکی بووە و زیندوو بوونمان بە هەڵکەوت بەخشراوە پێمان و هەر جارەو ئەم گرفت و کێشانە، کە سیمای ترۆمای بەخۆوە گرتووە، کۆمەڵگەی خستۆتە ناو کەوانی قەیرانێکی درێژ خایەن یان کورت ماوە. حافزە یان ذاکیرەی ئیمە هێشتا ئەو وێنانەی تێدایە کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ کارەساتی حەلەبجە، بۆ داخرانی شەقام و سنوورەکان  و کەوتنە خوارەوەی کۆڵبەران و رەق بوونەوەیان لە سەرمادا و گشت ئەو خێزانانەی کە دەرۆنە کورەخانەکانەوە و ... . بۆ ئێمە‌ی کورد واتای ژیان لە نێوان قەیرانە کوشندەکاندا زۆر جار دەشاردرێتەوە. ئێمە وێنەکانی هێرشی داعش و کوشتاری ئێزیدییەکان و سەربڕینی پێشمەرگەکان دەبینین و هەروەها لە ناو هەواڵێ رۆژانە و هەفتانەی رێژەی کوشتنە نامووسیەکان و خۆکوژیی ژنان و ژیانی ناو کەمپ و هەڵاتن و ئاوارەییدا، کێشەکان بۆڵد دەکرێت.

لە ناو ئەم هەموو تاوشت هێنان و تەحەمولی ژان و دەردەدا، ئێمە گەلێکین بەوپەڕی هیواوە ژیاوین و درێژەمان پێداوە. بەردەوام بە ترۆمای گشتی و تاکی، و بە قەیرانی یەک لە دوای یەک ژیاوین و ماوینەتەوە و روومان کردۆتە داهاتوو و بەردەوام خەونمان بۆ دوارۆژ دیوە و ئەم خولیایانە زۆربەیان خولیای گشتی و نەتەوەیی بوون. چەمکی هیوای کۆمەڵایەتی، رەنگە یەکەم جار لە لایەن ڕۆرتی‌یەوە هاتبێتە ناو بازنەی وشە کۆمەڵایەتییەکانەوە. هەرچەند هیوا و وزەی ژیان و گەشبینی بەرامبەر داهاتوو هەر لەسەرەتاوە و لەگەڵ یەکەمین بوونەوەردا هەبووە. ئەو کاتەی لە ئەشکەوتەکەی خۆی وەدەر کەوتووە و بە شوێن خۆراک و دۆزینەوەی بژێوی ژیان رۆیشتووە بە هیوای دریژەپێدانی ژیان و مانەوە بووە. هەر بەو جۆرەی کە شۆپینهاوێر بەو گشتە رەشبینییەوە کە بەرامبەر بە مرۆڤ هەیبووە، دەلێت: هەر مۆمێک کە لە مێژوودا هەڵکراوە لە خۆگریی هیوا بووە. لە هەمان کاتیشدا گەلێک مۆم کوژاونەتەوە و بۆ ماوەیەک تاریکی شوێنەکانی داگیر کردووە. ژیان لە نێوان رووناکی یان ڕەشاییدا، لە نێوان هیوا یان بێ هیوایی کۆمەڵایەتییدا لە سەردەم و کۆمەڵگەیەکەوە بۆ ئەویدی جیاواز بووە. رێژەی هیوای کۆمەڵایەتی بەستراوە بە زۆر فاکتەرەوە. بۆ وێنە ڕادەی سامان یان هەژاری، ژێرخانی فەرهەنگی، رێژەی گەشەی فێرکاری، کەمبوونی هەڵاوردنی رەگەزیی، کەمبوونی قەڵشتی چینایەتی و گەلێک پێوەری دیکە. 

هیوای کۆمەڵایەتی ئەو هەوڵ و بەرنامە داڕشتن و هاوکاریی و دیالۆگەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک هەیانە بەدەر لەو ئەنجامەی کە بەدواییدا دێت، واتە چ شکست بێت چ سەرکەوتن، ئەو هیوایە گرێدەری تاکەکانە پێکەوە و دەتوانێت لە قەیرانە جیاوازەکاندا تێپەڕیان بکات.

زۆر جار تاک گەیشتۆتە ئەو شوێنە کە لە جیاتی دڵخۆش بوون و وزەدانان و پەیوەندی لە گەڵ پرۆژە زەبەلاحە کۆمەڵایەتییەکاندا، بیر لە چاکسازی و بەختەوەری تاکی بکاتەوە. چاکسازی نەک لە قەبارەی مێتۆدیکی ئارمانی و یۆتۆپیادا بەڵکوو  لە قیاسی شێوە ژیانی مرۆڤی ئیستا و ئەو کۆمەڵگەیەی کە تێیدا دەژی. هیوای کۆمەڵایەتی  هیوایەکی رەش و کوێر نییە کە بە ناچاریی بارودۆخی هەبوو قبووڵ بکات و تایبەت نییە بە مرۆڤی شکەست خواردوو، بەڵکوو هیوایەکی پراکتیکییە کە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دوارۆژ و سبەی رووناکە و دەکرێ دەستمان پێی بگات. لە گرنگترین بنەڕەتەکانی ئەم هیوایەش، خودی مرۆڤە، ئەو مرۆڤەی کە ئەکتیڤە و دەیهەوێت  جیاوازی دروست بکات لە نێوان بارودۆخی هەبوو و ئەو دەرفەتانەی کە هەوڵی بۆ دەدات.

گەلێک لە بیرمەندان هیوای کۆمەڵایەتی و هێمنایەتی و گەیشتن بە کەمینەی ئاسایشی گشتی ناخەنە  ئەستۆی مێتافیزیک، بەڵکوو قورسایی سازکردنی داهاتووی شیاو رێک دەخەنە سەر شانی خودی مرۆڤ. بەرپرسیاری دەکەن کە بارودۆخی هەبوو بگۆڕێت و بتوانێت رێگە ورۆچنەیەک بدۆزێتەوە بەرەو دەربازبوون.  ئەم هیوا کۆمەڵایەتییەش هیوایەکی گشتییە و دەبێتە پرۆژەیەکی کۆیی کە بە تەواوی ئەو کەل و پەل و چەمک و سامانە مسۆگەر دەبێت کە هەر ئێستا تاک لەبەر دەستییدایە و دەتوانێت لە هەموو تایبەتمەندیەکانی کەڵک وەربگرێت. بەرپرسایەتی لە خودی هاوڵاتییەوە دەگوازێتەوە بۆ هاوڵاتی دیکە و ئەو لەبەردەم پرسیار و ئەزموونێکی «ئەبولهول»ی دادەنێت و یان لەم بارودۆخە ڕزگاری دەکات یان دەیخاتە قووڵایی پەسیوبوون و ڕەشایی و سوڕانەوە لە ناو بازنەیەکی بێ کۆتاییدا.

ڕۆرتی بیرمان دەخاتەوە کە بۆ هەڵسەنگاندنی ڕێژەی هیوای کۆمەڵایەتی لە هەر شوێنێکدا دەبی بڕوانینە  ئەوەی کە هەر کۆمەڵگەیەک چ چیرۆک یان سێناریۆیەکی بۆ داهاتووی خۆی نووسیوە. خودی ئەم چیرۆک یان سیناریۆیەش لە ناخی مێژووی هەر نەتەوەیەک و لە ناو ژیانی رۆژانەیدا دەردەکەوێت. کاتێک دەتوانین باس لە هیوای کۆمەڵایەتی بکەین کە ئەم چیرۆک و سێناریۆیە خۆش بێت. ئێمە بەردەوام لە ناو مەرگدا خەونمان بینییوە و لە ناو قەیرانەکاندا بیرمان لە داهاتوو کردۆتەوە، رەنگە زۆرجاریش مۆمەکەیان کوژاندبێتینەوە.

 

نووسه‌ر: بەیان عەزیزی

 

 متن مذکور در شماره نخست ماهنامه فراتاب کُردی منتشر شده است

شما می‌توانید برای مطالعه دیگر مطالب این ماهنامه، نسخه آنلاین آن را از طریق یکی از دو لینک زیر تهیه کنید:

سایت فیدیبو

سایت طاقچه

نظرات
آخرین اخبار