رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش کۆرۆنا | فراتاب
کد خبر: 11533
تاریخ انتشار: 26 فروردین 1400 - 14:40
مەجید ساڵح

فه‌راتاب: جیهانی پێش ڤایرۆسی کرۆنا، جیهانێک بوو سیستمی تاک جەمسەری و نیو لیبرالیزمی ئەمریکی تێدا باڵادەست بوو، ئەمریکا بە هەموو قورساییەکی سەربازی و ئابوریی خۆیەوە هاتبووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەربی بە بەشێک لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دادەنا و تەنانەت رژێمەکانی بە هێزی سەربازی دەگۆڕی، بەڵام پێدەچێ "كوفيد-19" لەگەڵ خۆیدا ڤایرۆسی لاواز بوونی ئەو سیستمەی هێنابێ. هەر لاوازبونێک لەو سیستمە، بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەری بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەبێ  و وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی کۆمەڵێک گرفتیسیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی دەکاتەوە، دەرچوون لێیان زۆر ئاسان نابێ.

بەشێوەیەکی گشتی دەکرێ بڵێن ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پاش کۆرۆنا رووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری (تەحەدی) دەبێتەوە لەوانە:

ناوچەکە دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی زلهێزەکان: چین و روسیا چەند ساڵێکە لەململانێیەکی ئابوری سەختدان لە گەڵ ئەمریکا و سەرقاڵ بوونی ئەو وڵاتە بە کێشەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە دەرفەت دەزانن تاکو لەناوچەکەدا رەگ داکوتن و جێ پێیەک بۆخۆیان بکەنەوە و تەنانەت گەر بکرێت لە ناوچەکەش دەریپەڕێنن. قوربانی ئەم ململانێیەش وڵاتانی ناوچەکە دەبێ. ئەمە بە روونی لە سوریا و لیبیا دەرکەوتووە.

 نەک هەر ئەوە، سەرقاڵ بوونی ئەمریکا بە کێشە ناوخۆییەکانیەوە هەلێک گونجاوی بۆ هەندێ وڵاتی دیکەی وەک تورکیا و ئێران کە پاشخانێکی ئیمپراتۆریەتیان هەیە لە ناوچەکەدا رەخساندەوە، لە جاران زیاتر دەستیان واڵابێ بۆ دەستوەردان لە کاروباری وڵاتە لاوازەکانی دەوروبەریان وەک ئەوەی لە یەمەن و لوبنان و سوریا.

کێشەی تیرۆر: سەقاڵ بوونی دامودەزگاکانی حکومەتییەکان و هێزە سەربازی و ئەمنییەکان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، هەلی بۆ رێکخراوە تیرۆریستیەکان بە تایبەتی داعش رەخساندوە هەناسەیەک بەبەریدا بێتەوە و خۆی رێکخاتەوە و دەست بەچالاکییە تیرۆریستیەکانیان بکەنەوە.

ململانێ وڵاتانی ناوچەکە: هەرچەندە لە ئێستادا بەهۆی سەرقاڵبوونی زۆربەی وڵاتەکانەوە بە فایرۆسی کۆرۆنا، تاڕادەیەک ململانێ ئیقلیمەکانی سڕ کردوە و وای لە وڵاتان کردوە زیاتر جەخت لە دۆخی ناوخۆیی خۆیان بکەنەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو ململانێیانە کۆتاییان پێهاتووە. بە مانایەکی دیکە ڤایرۆسی کۆرۆنا درێژخایەن نابێ و کۆتایی دێت، بەڵام  ململانێی وڵاتانی ناوچەکە ڕەگوریشەی قووڵیان هەیە و پاش لە کۆڵ بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە سەرهەڵدەدەنەوە. ئەگەرچی جاران وڵاتانی ناوچەکە لەرێگەی بەکرێگیراوەکانیانەوە شەڕی بەوەکالەتیان دەکرد، پیشبینی ئەوە دەکرێ لە دوای کۆرۆنا خۆیان راستەوخۆ بچنە ناو جەنگەکەوە، بە تایبەتی ململانێی تورکیا و وڵاتانی عەرەبی لە سوریا و لیبیا، ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکا لە عێراق و یەمەن و لوبنان.

شۆڕشی گەلان دژ بە رژێمە ستەمکار و گەندەڵەکانیان: کۆرۆنا شەمەنەفەری شۆڕشی گەلانی ناوچەکە بە تایبەتی لە عێراق و لوبنان و جەزائیزی بۆ ماوەیەکی کاتی وەستاندوە، هەموو پێشبینییەکان بۆ ئەوە دەچن لە دوای کۆرۆنا ئەم شەمەنەفەرە بەشێوەیەکی خێراتر و پڕ تین وتەوژمتر بکەوێتەوە رێ و لە گەڵ خۆیدا هەموو حزبە دینی و گەندەڵەکان رابماڵێت، هەروەها بەهۆی داتەپینی ئابوری ئەو وڵاتانەی باس کران، ئەگەری ئەوە هەیە بەشی زۆری ئەو چین و توێژانەی کە لە ماوەی بوونی ڤایرۆسەکە زەرەرمەند بوون بچنە پاڵ شۆڕشگێڕەکان و ئەگەری حەتمیەتی سەرکەوتنی شۆڕشگێڕەکان بەسەر دەسەڵاتاداراندا مسۆگەر بکات.

هەرەس هێنانی هەندێک وڵات: پێناچێ دابەزینی نرخی نەوت بەو رادەیە بە ئاسانی بەڕێتەوە بۆ سەردەمی زێڕینی، ئەمەش ئەو وڵاتانەی کە ئابورییەکەیان لە سەر داهاتی ئەو نەوتەی کە دەیفرۆشن بونیاد نراوە، توشی داتەپین و شۆکی ئابوری گەورە دەکات.

کرۆنا لە دوای خۆی ساتەوەختێکی یەکلایی کەرەوە لە ناوچەکە بەجێ دەهێڵێ، نەک لەبەر ئەو کارەساتە مرۆیانەی لێی دەکەویتەوە، بەڵکو بەهۆی ناکارایی کاربەدەستانی ناوچەکە لەچارەسەر کردنی ئەو کێشە ئەمنی و ئابوری و سیاسیانەی کە رووبەڕووی وڵاتەکانیان دەبێتەوە.

نووسه‌ر: مەجید ساڵح - ماموستای زانکو و راویژکاری پارلمانی هه‌ریمی کوردستانی عیراق

 متن مذکور در شماره نخست ماهنامه فراتاب کُردی منتشر شده است

شما می‌توانید برای مطالعه دیگر مطالب این ماهنامه، نسخه آنلاین آن را از طریق یکی از دو لینک زیر تهیه کنید:

سایت فیدیبو

سایت طاقچه

 

نظرات
آخرین اخبار